بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و گەشتیاران کە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و دروستبوونی شەختە، پێش تاریکبوونی شەو بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی و دروستبوونی بەستەڵەک لە شەقامەکاندا، مەترسیی داخستنی ڕێگەکان هەیە.
لە ئاگادارییەکەدا داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کراوە بەر لە داهاتنی شەو بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، چونکە بەهۆی بەستنی شەقامەکانەوە گەڕانەوە بە ئۆتۆمبێل ئەستەم دەبێت.
هەروەها بەرگریی شارستانیی سۆران داوای لە دانیشتووانی قەزاکانی چۆمان، سیدەکان و مێرگەسۆر کردووە کە ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئێستا لە سەنتەری قەزای سۆرانن، بە زووترین کات و پێش شەو بگەڕێنەوە، چونکە شەوانە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.