Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 04:34

وەزیری ڕۆشنبیری: سوپاسی تایبەتی شەونخوونیی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەم

کوردستان TV
100%

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی دەستخۆشی و سوپاسگوزاریی ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و وەرزشوانان دەکات لە پای هەڵوێستە نەتەوەییەکانیان بەرامبەر بە دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەم، حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، ڕایگەیاند: ستایشی کۆدەنگی و هەماهەنگیی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی نووسراو، بینراو، بیستراو و ئەلیکترۆنی و هەموو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە بەتەنگەوەچوونی دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم.

وەزیری ڕۆشنبیری ڕایگەیاند: ئەم یەکدەنگی و وەستانەوەیە شانبەشانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، نیشانەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێی گیانی کوردایەتی و خەمڵینی خەباتی نەتەوایەتییە لە پێناو ڕزگاریی نیشتمانیدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم یەکگرتووییە نەتەوەییە لە ئاستی جیهاندا بووەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیا شۆڤێنییەکان و ئەو ماکینە پڕوپاگەندانەی کە هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان و دروستکردنی زەمینەی جینۆسایدێکی دیکەیان دژی گەلی کورد دەدا.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، وەزیری ڕۆشنبیری سوپاسی تایبەتی شەونخوونیی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کرد کە توانیویانە دەنگی کوردستانیان بە جیهان بگەیەنن.

لە کۆتاییدا، حەمەی حەمەسەعید داوای لە هەموو لایەک کرد بە هەمان ڕووحیەتی نیشتمانی و لە چوارچێوەی پاراستنی کولتووری ئاشتەوایی و پێکەوەژیان، بەردەوام بن لە گەیاندنی ڕاستییەکان و پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، بە ئومێدی سەرکەوتن بۆ کوردانی ڕۆژئاوا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.