Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 19:27

حکوومەتی هەرێمی کوردستان 97 گەنجی دیکەی لە وڵاتی لیبیاوە گەڕاندەوە

کوردستان TV
100%

لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران، کاروانێکی دیکەی ئەو گەنجانەی لە لیبیا دەستبەسەر بوون گەیشتنەوە کوردستان، بەمەش ژمارەی گەڕاوەکان گەیشتە نزیکەی 300 کەس.

لێژنەی باڵا و هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، کاروانی شەشەمی ئەو گەنجانەی هەرێمی کوردستان کە لە کاتی کۆچی نایاساییدا لە لیبیا دەستگیرکرابوون، گەڕێندرانەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئەم کاروانە لە 97 گەنج پێکهاتبوون کە زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن. ئەم هەنگاوە دوای هەماهەنگییەکی چڕ و ورد لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەنجام دراوە.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێش 100 هاونیشتمانیی دیکە بە سەلامەتی گەیێندرانەوە خاکی هەرێمی کوردستان و ڕادەستی خێزانەکانیان کرانەوە. بەمەش کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی تا ئێستا حکوومەت گەڕاندوونیەتەوە گەیشتووەتە 299 کەس.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هۆشداری دەداتە گەنجان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و ئاماژە بەوە دەدات، بەشێک لەو گەنجانە ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکانی لیبیا ژیانێکی سەختیان بەسەر بردووە و مەترسیی مردنیان لەسەر بووە.

لە ئێستادا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لیبیان و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی دیکە کە هێشتا لەو وڵاتە ماونەتەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.