Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 06:21

پەیامێك لە مەلامستەفا بارزانی بۆ دانیشـتووانی سنووری ئیدارەی سـەربەخۆی سـۆران

کوردستان TV
100%

 

ئەمڕۆ هەینی، مەلا مستەفا بارزانی پەیامێکی هاوسۆزی و پشتگیری ئاراستەی دانیشتووانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد و تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە خۆڕاگریی خەڵک و کار و ماندووبوونی تیمە خزمەتگوزارییەکان لە کاتی بەفرباریندا، جەختی لەوە کردەوە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان دەخرێتە گەڕ.

 

دەقی پەیامی مەلا مستەفا بارزانی:

سوپاس و شوکر بۆ خودای مەزن، ئەمساڵ بەهۆی بارینی بەفر و بارانێکی زۆر، ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورە ڕووی لە وڵاتەکەمان کردووە و ئەمە بووەتە مایەی دڵخۆشی و هیوا بۆ هەموو لایەک، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاگاداری موعانات و ئەو بارودۆخە نالەبارەی ژیانی هاووڵاتیانین، بەتایبەت دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان کە بەهۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری بەفر ڕووبەڕووی زۆر کێشە و ئالنگاری بوونەتەوە. بۆیە بە دەرفەت دەزانم لە ناخی دڵمەوە سوپاسی خەڵکی خۆڕاگر و خۆشەویستی سنووری شاری سۆران و تەواوی گوند و قەزاکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەم و دڵنیایان دەکەمەوە کە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی و هەروەها بە ڕێنمایی ڕێزدار جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بە هاوکاری لەگەڵ هەڤاڵان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم، ئەوەی لە دەستمان بێت بیکەین بۆ کەمکردنەوە و چارەسەری گرفت و کێشەکانتان.

هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی تەواوی ستافی ئەو دامەزراوانە وەکو تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر، ئاوەدانکردنەوە، شارەوانییەکان، تەندروستی و نەخۆشخانەکان، پەروەردە، هێزی پێشمەرگە و خەڵکی خۆبەخش و هەموو ئەوانە دەکەم کە لەم ماوەیە بە بەردەوامی و بە شەو و ڕۆژ ڕۆڵی خۆیان بینیوە و هاوکاریی خەڵکیان کردووە و داوا دەکەم بەردەوام بن لە خزمەتکردنی خەڵک و هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە و بە هاوکاری یەکتر ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین.

لە کۆتاییدا هیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەموو لایەک دەخوازم و کوردستان هەر ئاوەدان بێت.

مەلا مستەفا بارزانی

23ی کانوونی دووەمی 2026

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.