ئهمڕۆ پێنجشەممە له چوارچێوهی دیدار و كارهكانی كۆڕبهندی ئابووری لە داڤۆس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا، میساقی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاشتیی کە خۆی دروستی کرد واژۆکرد، دوای ئهوهی پشتڕاستیكردهوه کە ئەم ئەنجوومەنە بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات.
لای خۆیهوه، کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی لە میانی مەراسیمێکدا کە کۆمەڵێک سەرکردە کە بانگهێشتی واشنتۆن كرابوون بۆ بەشداریکردن لە ئەنجوومەنەکەدا رایگهیاند: ئێستا میساقەکە دوای واژۆكردنی دۆناڵد ترهمپ کاری پێدەکرێت و ئەنجوومەنی ئاشتی ڕێکخراوێکی فەرمی نێودەوڵەتییە.
بیرۆکەی ئەنجوومەنی ئاشتی بە پلەی یەکەم بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە هاتە ئاراوە، بەڵام میساقەکەی ئەرکی زۆر فراوانتری دیاریکردووە کە بریتین لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، غەززە ئەو شوێنەیە کە ئەنجوومەنی ئاشتیی تێیدا كار دهكات، بهڵام لەڕاستیدا پێموایە دەتوانین فراوانتری بکەین بۆ شتەکانی دیکە ئەگەر بتوانین لە غەززە سەرکەوتوو بین.
راشیگهیاند: "کاتێک ئەنجوومەنەکە بە تەواوی پێکهێنرا دەتوانین ئەوەی دەمانەوێت بیکەین و بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کارە دەکەین".
ترهمپ ڕەخنەکانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتکردەوە کە بەکارنەهێنانی ئەو توانا گەورەیەی هەیەتی وهكو پێویست نهیخستووهته گهڕ.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.