دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو تانە و ناڕەزایەتییانە دا کە لەلایەن ژمارەیەک کاندیدەوە پێشکەش کرابوون، کە ناویان لە لیستی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماردا نەبوو.
ڕۆژی چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەم دادگای فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند: لە دانیشتنەکانی ڕۆژانی 19 و 20ـی کانوونی دووەمی 2026، دادگای فیدراڵی سەیری 28 تانەی ئەو کاندیدانەی کردووە کە ناویان لە لیستەکەدا نەبوو. دوای پێداچوونەوە، دادگا بڕیاری دا بە پشتگیرییکردنی دوورخستنەوەی 24 کاندید، لە هەمان کاتدا دوورخستنەوەی 4 کاندیدی تری بە نادروست لەقەڵەم دا.
ئەو کاندیدانەی کە بە بڕیاری دادگا ناویان بۆ کێبڕکێی پۆستی سەرۆک کۆمار گەڕایەوە بریتین لە:
1- خالید سدیق عەزیز محەمەد.
2- ئازاد مەجید حەسەن.
3- ڕافیع عەبدوڵا حەمید مووسا.
4- سالم حەواس عەلی.
مەلا بەختیار کە وەک کەسایەتیی سەربەخۆ خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کردبوو ناوی لە ڕيزی ئەو 28 کەسەدا بووە کە تانەیان لە بڕیارەکەی پێشوو دابوو بەڵام بە پێی بڕیارە نوێیەکەی دادگای فیدراڵی، تانەکەی ڕەت کراوەتەوە.
دادگای فیدراڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پابەند کرد بەوەی، پێویستە ناوی ئەم چوار کاندیدە بخاتە ناو لیستی فەرمی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە سەرجەم مەرجە یاساییەکانی خۆپاڵاوتنیان تێدایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.