هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان لە میحوەرى پردی "قەرە قۆزاق" لە باشووری شاری کۆبانی تێک شکاندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بڵاو کراوەتەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لە ناوچەی پردی قەرە قۆزاق هەوڵی پێشڕەوییان داوە، بەڵام ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەیەکی توندی شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەژە بوونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێرشەکە بە تەواوی پووچەڵ کراوەتەوە و هێرشبەران نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکەن. لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی خێرای هێزەکانی هەسەدە، چەکدارەکان ناچار بە پاشەکشە و هەڵاتن کراون.
هەروەها هەسەدە ئاشکرای کردووە کە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەر ڕیزەکانی چەکدارانی سەر بە دیمەشق کەوتووە و گورزی کەمەرشکێنیان لێ دراوە پێش ئەوەی ناچار بە کشانەوە بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.