سەرۆكی فرەنسا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەكشەممە گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی سووریا كردووە، ئاماژەی بەوەشداوە كە لە گفتوگۆكاندا نیگەڕانی خۆی لە پەرەسەندنەكانی دۆخی ئەم دواییەی سووریا دەربڕیوە.
ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فرەنسا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاوی كردۆتەوە "ئەم بەیانییە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا قسەم كردووە".
هەروەها بڵاوی كردۆتەوە "نیگەرانی خۆمان لە پەرەسەندنەكانی سووریا و بەردەوامی ئەو هێرشانە دەربڕیوە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە ئەنجام دەدرێن".
ماكڕۆن بەهەمانشێوە نووسیویەتی "پێویستە ئاگربەستی هەمیشەیی بكرێت، هەروەها دەبێت رێككەوتن لەسەر تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا بكرێت".
ئاماژەی بەوەشداوە كە "پێویستە ئەو تێكەڵكردنەوەیە لەسەر بنەمای گفتوگۆكانی مانگی ئاداری رابردوو ئەنجامبدرێن. یەكێتی و سەقامگیری سووریا بەندە بەمەوە".
ئەمە لەكاتێكدایە كە دوێنێ شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدابوو.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بەتایبەت تيشكيان خستبووە سەر پێشهاتهكانى ئەم دواییەی سووريا و هەردوولا نيگهرانی قووڵی خۆیان بهرامبهر به ئاڵۆزى و پێکدادانەکان له سووريا دهربڕیبوو، هەروەها داوايان كردبوو ههموولايهك هەوڵ بدەن دۆخهكه هێور بکەنەوە.
بەهەمانشێوە پشتگيری خۆیان بۆ دهستبهجێ دهستپێكردنهوهى گفتوگۆكان بۆ جێبهجێكردنى ڕێككهوتنى 10ى ئادارى نێوان ههسهده و حكوومهتى سووريا دهربڕیبوو و جهختيان له پاراستنى خهڵكى سڤيل كردبووەوە.
ئیمانوێل ماكرۆن ستايشى ڕۆڵ و ههوڵهكانى نێچيرڤان بارزانى کردبوو بۆ نێوانگیری و ههوڵهكانى لهپێناو ئارامكردنهوهى دۆخى سووريا و ڕێگهگرتن له ئاڵۆزيى زياتر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.