سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئامادەکاری بۆ سازدانی فێستیڤاڵێکی گەورە لە مانگی ڕەمەزاندا دەکات و 40 کۆشک بۆ گەنجان و کاسبکاران لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە دابین دەکات.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، هەڵدەستن بە سازدانی فێستیڤاڵێکی گەورە لە سەنتەری شاری هەولێر.
ئامانج لەم فێستیڤاڵە ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ ئەو گەنج و کوڕ و کچانەی ئارەزووی کارکردنیان هەیە، جا لە ڕێگەی نمایشکردنی براندەکانیان بێت، یان ئامادەکردنی خواردنی کوردەواری و کاری دەستی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شارەوانی 40 کۆشک بۆ ئەو مەبەستە دابین دەکات و لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە دەدرێن بە هاووڵاتییان. ماوەی کارکردن لەو کۆشکانە مانگێک دەخایەنێت، واتە لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە تاوەکو دوای جەژن.
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە داوە کە پرۆسەی زیادکردنەکە لە ڕۆژی یەکشەممە 15/2/2026 ئەنجام دەدرێت و هەموو هاووڵاتییەک مافی بەشداریکردنی هەیە. خوازیاران بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر و تەواوکردنی ڕێکارەکان دەتوانن سەردانی بەشی زیادکردنی ئاشکرا لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.