Erbil 31°C یەکشەممە 09 ئاب 07:58

مارك ساڤایا: بەمزووانە سەردانی عێراق دەكەم و لەگەڵ بڕیاربەدەستان كۆ دەبمەوە

کوردستان TV
100%

نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری جەنگ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای ئەمریكا رایگەیاند، بەمزووانە سەردانی عێراق دەكات و لەگەڵ بڕیاربەدەستە گونجاوەكانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.

مارك ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق ئەمڕۆ هەینی پۆستێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاوكردۆتەوە و نووسیویەتی "ئەمڕۆ لە كۆشكی سپی لەگەڵ پێت هێگزس وەزیری جەنگ و سیباستیان گۆركا بەڕێوەبەری ئاژانسی دژەتیرۆری ئەمریكا كۆبوومەوە".

مارك ساڤایا هەروەها نووسیویەتی "لە كۆبوونەوەكانمان رێككەوتین ئەو پرسانەی گفتوگۆمان لەسەر كردن، لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەمدا بۆ عێراق چارەسەربكرین".

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بەهەمانشێوە نووسیویەتی "لە سەردانەكەمدا لە عێراق لەگەڵ بڕیاربەدەستە گونجاوەكان كۆدەبمەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەكە لەپێناو بەرژەوەندی گەلی عێراقدا".

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رۆژی 19/10/2025 بەفەرمی مارك ساڤایای وەك نێردەی تایبەتی خۆی بۆ كاروباری عێراق دیاری كرد، لەماوەی رابردووشدا ساڤایا چەند جارێك ئاماژەی بەوەداوە كە بەمزووانە سەردانی عێراق دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.

ساڤایا چەند رۆژێك پێش ئێستا و بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ پەیامێكی 18 خاڵی بڵاوكردبووەوە و رایگەیاندبوو كە دەیانەوێت لە ساڵی 2026 سەرجەم ئەو خاڵانە لە عێراق جێبەجێ بكەن، خاڵەكانیش بریتی بوون لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، میلیشیا، چەكی لەدەستدەرچوو، ناسەقامگیری، دەستوەردانی دەرەكی، بردنی سامانی وڵات، قاچاخی، شووشتنەوەی پارە، گرێبەستی وەهمی، فێڵكردن لە یاسا، كەمی خزمەتگوزاری، بێ كاری، هەژاری، دواكەوتوویی و نایەكسانی و ستەم.  

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ جەختیشی كردبووەوە كە ئیتر كاتی گەندەڵكاران لە عێراق كۆتایی هاتووە و ئیتر كاتی عێراق و عێراقییەكان دەستی پێ كردووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.