Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 10:10

شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس دەکات

کوردستان TV
100%

 سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس دەکات و لە پەڕاوێزی کۆڕبەندەکەدا زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات.

سەفین دزەیی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "کوردستان تیڤی" ئاشکرای کرد بۆ ئەمساڵ، هەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا و بە شێوەیەکی کارا لەم ڕووداوە نێودەوڵەتییەدا ئامادە دەبێت. ئامانجی سەرەکیی شاندەکە برەودانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و خستنەڕووی دیدگای هەرێمی کوردستان لەسەر پرسە هەنووکەییەکانە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە شاندی هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی فراوانی لەگەڵ شاندە بەشداربووەکانی دیکە دەبێت. لەو کۆبوونەوانەدا، کۆمەڵێک تەوەری گرنگ و هەستیار دەخرێنە بەر باس، لەوانە پرسە سیاسییەکان و دۆخی ناوچەکە.

هەروەها دزەیی ڕوونی کردەوە کە گفتوگۆکان تەنیا لەسەر لایەنی سیاسی نابن، بەڵکو ئاڵنگاری و گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و پرسە ئابوورییەکان بەشێکی سەرەکیی ئەجێندای کۆبوونەوەکان دەبن، بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی دەرفەتی نوێی هەماهەنگی.

کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، ساڵانە دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردە جیهانییەکان، بڕیاربەدەستان و کەسایەتییە ئابوورییەکان بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم مرۆڤایەتی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.