Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 06:01

ئەمریکا وردبینی لە مامەڵە بانکییەکانی عێراق دەکات و سزای نوێ بەسەر "تۆڕە تێکدەرەکاندا" دەسەپێنێت

کوردستان TV
100%

مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ڕایگەیاند بە مەبەستی تاوتوێکردنی چاکسازی لە سیستەمی بانکیی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) ئەنجام داوە.

ساڤایا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کۆبوونەوەکان سەرنجیان خستووەتە سەر دۆزینەوەی هەلەکانی چاکسازی لە هەردوو کەرتی بانکیی حکومی و تایبەت لە عێراقدا. جەختیشی کردەوە کە واشنتن کاردەکات بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی دارایی، پابەندبوون بە ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و چەسپاندنی لێپرسینەوەی دامەزراوەیی.

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا ڕێک کەوتوون لەسەر ئەنجامدانی "وردبینییەکی گشتگیر" بۆ سەرجەم ئەو تۆمار و مامەڵە داراییە گوماناوییانەی پەیوەندییان بە دامەزراوە، کۆمپانیا و کەسایەتییەکانی عیراقەوە هەیە.

 ئەم هەنگاوە ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە تێوەگلاون لە:

  • قاچاخچێتی و سپیکردنەوەی پارە
  • گرێبەست و پڕۆژە داراییە ساختەکان
  • دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکان

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەیدا، ساڤایا ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی سزای نوێ کرد و وتی: " هەنگاوەکانی داهاتوومان تاوتوێ کردووە سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو ئەکتەر و تۆڕە تێکدەرانەی کە زیان بە دەسپاکی دارایی و دەسەڵاتی دەوڵەت دەگەیەنن."

لە کۆتاییدا، مارک ساڤایا جەختی لە پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کردەوە و ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا، لە هیچ کاتێکدا بە ئەندازەی ئەمڕۆ بەهێز نەبووە."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.