Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 12:29

ئاسایشی شێخ مەقسوود: هێرشەکان بە مەبەستی کۆمەڵکوژی و گۆڕینی دیمۆگرافیان و ئێمە بەردەوامین لە بەرگری

کوردستان TV
100%

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشە توندەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر گەڕەکەکە بڵاوکردەوە و هۆشداری لە هەوڵەکان بۆ "کۆمەڵکوژیی گەلی کورد" دا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە ڕێکەوتی 6ی کانوونی دووەمی 2026ەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی کاتی لە دیمەشق، بە پاڵپشتییی ڕاستەوخۆی تانک، تۆپخانە و درۆنە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر گەڕەکەکە. ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی ئەم هێرشانە بریتی بووە لە "سڕینەوەی گەل، گۆڕینی دیمۆگرافیای گەڕەکەکە و شکاندنی کەرامەتی هاووڵاتیان".

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاشکرایان کردووە کە لە کاتی پێکدادانەکاندا، نەخۆشخانەی "شەهید خالید فەجر" کە تاقە نەخۆشخانەی گەڕەکەکەیە و بریندارانی تێدا کۆبووەتەوە، دەیان جار لەلایەن درۆنە "بەیرەقدار"ەکانی تورکیا و چەکی قورسەوە کراوەتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "چەکدارەکان هەوڵیان دا لە ناو نەخۆشخانەکەدا کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن."

بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کۆمەڵکوژیی گەورەتر، ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند کە ئاگربەستێکی کاتی ڕاگەیەندراوە، تاوەکوو بریندارەکان، ژنان، منداڵان و مەدەنییەکان لە نەخۆشخانەکەوە بەرەو ناوچە ئارامەکان بگوازرێنەوە. هێزەکانی ئاسایش جەختیان کردووەتەوە کە بە هەستیارییەکی زۆرەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئاگربەستەکە کردووە بۆ پاراستنی گیانی خەڵک.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دووپاتیان کردەوە "هیچ کاتێک خۆیان ڕادەست ناکەن" و لەسەر ڕێبازی شەهیدەکانیان لە تێکۆشان بەردەوام دەبن. ڕاشیانگەیاندووە بە هەموو شێواز و ئامرازە بەردەستەکان، بەرگری لە ئیرادەی ئازاد و کەرامەتی گەلەکەیان دەکەن. هەروەها بڕیارە لە داهاتوودا ناسنامەی ئەو شەڕڤانانەی لەم بەرگرییەدا شەهید بوون، بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.