ڕۆژی هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026 ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی سووریا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسیەکانی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لە بایەخی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش کردەوە.
هەروەها شەرع ئەوەی دووپات کردەوە کە کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیکردنی هەموو مافە نیشتیمانی و سیاسی و مەدەنیەکانی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی تری سووریا بە شێوەیەکی یەکسان و بێ جیاوازی کردەوە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ئەو تێروانینەی ئەحمەد شەرع هەبوو و پشتیوانیی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سووریەکان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک ڕاگەیاند کە هەموو لایەن و پێکهاتەکان بگرێتەخۆ و تێیدا هاوبەش بن. هەروەها جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی ڕاوێژ و هەماهەنگی کردەوە ئەویش لەپێناو ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەک و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.