سوپای لوبنان ڕایگەیاند کە قۆناغی یەکەمی پلانی داماڵینی چەکی حزبوڵڵای لە ناوچەکانی نێوان سنووری ئیسرائیل و ڕووباری لیتانی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هێناوە و بڕیارە ئەم پڕۆسەیە بۆ ناوچەکانی تری وڵاتیش فراوان بکات.
سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە 18ی بەفرانبار (8ی کانوونی دووەمی 2026) بڵاوی کردەوە، جەختی کردەوە کە "ئامانجەکانی قۆناغی یەکەم" بەدی هاتوون و ئێستا هێزەکانی سوپا کۆنترۆڵی ناوچەکانی باشووری ڕووباری لیتانییان لەدەستدایە، جگە لە چەند خاڵێکی کەم لە نزیک سنوور کە هێشتا لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراون.
ئەم وەرچەرخانە لە کاتێکدایە کە حزبوڵڵا، سەرەڕای لاوازبوونی لە دوای جەنگە خوێناوییەکەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئیسرائیل، هێشتا لە ناوچەکانی تری لوبنان ئامادە نییە چەکەکانی ڕادەست بکات. بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە زیاتر لە ساڵێکە جێبەجێ دەکرێت، دەبێت حزبوڵڵا هێزەکانی بۆ باکووری ڕووباری لیتانی بکشێنێتەوە و ژێرخانە سەربازییەکانی لەو ناوچانە هەڵبوەشێنێتەوە.
حکوومەتی لوبنان لەژێر فشارێکی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا. بڕیارە "ڕۆدۆڵف هێکل"، فەرماندەی سوپای لوبنان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر بەرەوپێشچوونەکان پێشکەشی حکومەت بکات.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل هێشتا 5 خاڵی ستراتیژیی لە نزیک سنوور لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا هێشتووەتەوە و جاروباریش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ نوێکردنەوەی توانای سەربازی، ئۆپۆراسیۆن دژی حزبوڵڵا بەڕێوە دەبات. گیدیۆن ساعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ستایشی هەوڵەکانی سوپای لوبنانی کرد، بەڵام وتی "ئەم هەنگاوانە بە هیچ شێوەیەک بەس نین."
پڕۆسەی چاودێریکردنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولا، لەلایەن لیژنەیەکی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوە دەچێت کە نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، لوبنان، ئیسرائیل و نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدایە. سوپای لوبنان جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای تونێلەکان و تەقەمەنییە نەتەقاوەکاندا تاوەکو ڕێگریی هەمیشەیی بکات لە گەڕانەوەی چەکدارەکان بۆ ناوچە چۆڵکراوەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.