هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئاشكرای كرد كە توانیویانە هێرشێكی بەرفراوانی گرووپەكانی سەر بە حكوومەتی دیمەشق بۆ سەر هەردوو گەڕەكە كوردنشینەكەی شاری حەلەب پووچەڵ بكەنەوە.
هەسەدە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: توانیمان بەرپەرچی ئەو هێرشە فراوانەی هێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا بدەینەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە كرابووە سەر هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب.
بڵاویشی كردەوە: لە هێرشەكاندا توانیمان زیانێكی زۆر بە دوژمن بگەیەنین و كوژران و بریندارێكی زۆریان بەدوای خۆیاندا بەجێهێشتووە، هەروەها چەك و جەبەخانەیەكی زۆریشیان كەوتۆتە دەست هێزەكانمان.
هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا دۆخی ئەمنی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەتەواوەتی لەژێر كۆنتڕۆڵدایە.
جەختیشی كردەوە كە هێزەكانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ هەر هێرش و ئەگەرێكی نەخوازراوی دیكە لە پارێزگای حەلەب و یان هەر شوێنەكانی دیكە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.