دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی 2025ی چالاکییەکانی خۆی بڵاوکردەوە، کە تێیدا وردەکاریی پرۆسەکانی مینپاککردن، هۆشیارکردنەوە و ئاماری قوربانییانی لە ماوەی نێوان 1ی کانوونی دووەمی 2025 تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 خستووەتە ڕوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کۆی گشتی 2,716,250 مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاک کراوەتەوە. دابەشبوونی ڕووبەرە پاککراوەکان بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە:
هەولێر: 800,795 مەتر دووجا.
سلێمانی: 449,176 مەتر دووجا.
دهۆک: 315,423 مەتر دووجا.
هەڵەبجە: 137,882 مەتر دووجا.
ئیدارەی گەرمیان: 358,964 مەتر دووجا.
لە چوارچێوەی ئەم پرۆسانەدا، تیمەکان توانیویانە 2,971 مینی دژە کەس، 26 مینی دژە تانک، 26,309 پارچە تەقەمەنی نەتەقاوە (UXO) و 40 بۆمبی چێندراو (IED) لەناو ببەن. هەروەها 38 کێڵگە مین و 15 شەڕگە بە تەواوی پاککراونەتەوە.
قوربانییانی مین و تەقەمەنی
سەبارەت بە زیانە مرۆییەکان، لە ساڵی 2025دا 18 ڕووداوی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی تۆمارکراون. لە ئەنجامی ئەم ڕووداوانەدا 29 کەس بوونەتە قوربانی، کە 12 کەسیان گیانیان لەدەست داوە و 17 کەسیش بریندار بوون. زۆرترین ڕێژەی قوربانییان لە پارێزگای سلێمانی بووە کە 17 کەس بوون، پاشان هەولێر بە 10 قوربانی، و دهۆک و گەرمیان هەر یەکەیان 1 قوربانییان تێدا تۆمارکراوە.
هۆشیارکردنەوە و ڕاهێنان
دەزگای مین لە بواری هۆشیارکردنەوەدا چالاک بووە و توانیویەتی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بگاتە 41,742 سوودمەند (پیاو، ژن و منداڵ). هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە 1,000,000 کەس لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پەیامە هۆشیارییەکانیان پێ گەیشتووە. لەو ماوەیەدا 48,269 کەرستەی هۆشیارکردنەوە دابەشکراون. لە ڕووی گەشەپێدانی تواناکانیشەوە، 13 خولی ڕاهێنان بۆ 145 بەشداربوو کراونەتەوە.
مۆڵەتدان بە کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان
بۆ فراوانکردنی مەودای کارەکان، دەزگاکە لە ساڵی 2025دا 17 مۆڵەتی کارکردنی داوە، کە 9 مۆڵەتیان بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و 8 مۆڵەتیشیان بۆ ڕێکخراوەکان بووە، تاوەکو لە بواری کاروباری میندا هاوکار بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.