سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێك لەبارەی شەڕ و توندوتیژییەكان و دۆخی ئاڵۆزی ئێستای شاری حەلەب بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە هەڕەشەی پاكتاوی ڕەگەزی لە دژی كورد لە ناوچەكەدا هەیە.
سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەدا هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان كرد هەوڵ بدەن گرفت و ناكۆكییەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتییانە چارەسەر بكەن.
سەرۆك بارزانی جەختیشی كردەوە كە ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسییەوە، چونكە ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە.
دەقی پەیامەكەی سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی ئێستای شاری حەلەب:-
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
گۆڕانكارییە سیاسیەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی ڕەچاوی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن. لەوپێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لە ڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتییانە چارەسەر بكرێن.
بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژییەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتییانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی ڕەگەزی لە دژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.
داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن ڕێگە نەدرێ هاووڵاتییانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی ڕەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (قسد) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و پێكدادان و ڕێگەگرتن لە خونڕێشتنی زیاتر و هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی ڕەگەزی لەدژی گەلی كورد ڕوو بدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.
مسعود بارزانی
7ی کانوونی دووەمی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.