گۆڤاری "فۆربس"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕایگەیاند، واشنتۆن وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر وەڵامدانەوەیەک لە ئەگەری سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، ئەگەری ڕەوانەکردنی هێزە دەریاییە گەورەکانی بۆ ناوچەکە تاوتوێ دەکات.
بەپێی شیکارییەکانی گۆڤاری فۆربس، ئەگەرێکی زۆر هەیە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی "یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت" یان "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" بۆ وەشاندنی "گورزێکی توند" لە ئێران بەکاربهێنرێن. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بژاردەی هەرە نزیک، کەشتیی "تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت"ە کە لە مانگی 11ی ڕابردوودا بەندەری "سان دیگۆ"ی بەجێهێشتووە و بەرەو ناوچەکە بەڕێ کەوتووە.
هەردوو کەشتییەکە پێشتر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە خولییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەرکیان هەبووە. فۆربس ئاماژەی بەوە کردووە هەرچەندە هێزی دەریایی ئەمریکا دەتوانێت بە خێرایی فڕۆکەهەڵگرێک بۆ پشتگیریکردنی هەر کردەوەیەکی سەربازی دژی ئێران بنێرێت، بەڵام ئەم هەنگاوە لە ناوچەکانی تری جیهان، وەک دەریای کارایبی، ئەمریکا ڕووبەڕووی کەمیی توانای سەربازی و بۆشایی چاودێری دەکاتەوە.
ئەم ئامادەکارییانەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران پەنا بۆ کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران ببات، ئەوا ئەمریکا بە توندی وەڵامی دەبێت و بێدەنگ نابێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.