ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەفەرمی ژمارەی هەموو ئەو كەسانەی بڵاوكردەوە كە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەربژێر كردووە.
سەفوان گەرگەری ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە و كەمێك پێش ئێستا، بەفەرمی دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق داخرا.
راشیگەیاند: بەشێوەیەكی گشتی 44 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەربژێر كردووە، لەنێویاندا د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق هەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی هەریەک لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پێشکەش کردووە.
دوای داخستنی دەرگەی خۆپاڵاوتن، فەرمانگەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راستەوخۆ لەگەڵ دادگا و دەستەی دەستپاكی و دادوەری پشكنین بۆ ناوی بەربژێرەكان دەكات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كە مەرجە دەستوورییەكانیان تێدایە، دواتریش لیستی كۆتایی بەربژێران بۆ دەنگدان لە هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو دەكاتەوە.
بەگوێرەی دەستوور، پێویستە سەرۆك كۆمار لە ماوەی 30 رۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرێت، واتە دوا وادە بۆ یەكلاكردنەوە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی 28ی ئەم مانگە دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.