Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 22:44

حکوومەتی کوبا کوژرانی 32 سەربازی وڵاتەکەی لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزۆێلا راگەیاند

کوردستان TV
100%

حکوومەتی کوبا بە فەرمی کوژرانی 32 کارمەندی سەربازی وڵاتەکەی لە کاتی هێرشەکەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزۆێلا پشتڕاست کردەوە و دوو رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند.

حکوومەتی کوبا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو هێرشەی حکوومەتی ئەمریکا کردییە سەر کۆماری ڤەنزۆێلا و تێیدا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەستگیرکرا، 32 هاوڵاتی کوبی لە چالاکییە جەنگییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو سەربازانە سەر بە هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکان و وەزارەتی ناوخۆی کوبا بوون و لەسەر داوای لایەنە فەرمییەکانی ڤەنزۆێلا ئەرکیان لەو وڵاتە ئەنجام داوە. حکوومەتی کوبا جەختی کردەوە کە سەربازەکانیان بە شکۆ و قارەمانێتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە و دوای بەرگرییەکی سەخت لە شەڕی راستەوخۆ یان بەهۆی بۆردوومانەوە گیانیان لەدەستداوە.

لای خۆیەوە میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "شکۆ و سەروەری بۆ شەڕڤانە ئازا کوبییەکان کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بە جلی ئیمپریالیستییەوە گیانیان بەخشی".

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە کوبییەکانی لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سەر کاراکاس پشتڕاست کردبووەوە و رایگەیاندبوو کە "کوبا لە لێواری رووخاندایە". 

پەیوەندییەکانی نێوان کوبا و ڤەنزۆێلا لە کۆتایی نەوەدەکان و لە سەردەمی هوگۆ چاڤێزەوە بەهێزە. ڤەنزۆێلا سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی نەوتە بۆ کوبا، لە بەرامبەردا کوبا تیمی پزیشکی رەوانەی ئەو وڵاتە دەکات.

ئەم رووداوانە لە کاتێکدان کە دورگەی کوبا ماوەی 5 ساڵە بەدەست قەیرانێکی قوڵی ئابووری، کەمی دراوی بیانی، نەبوونی سووتەمەنی و پچڕانی بەردەوامی کارەبا دەناڵێنێت، کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەوە دروست بوون.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.