وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ چوارەم ڕۆژی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران و دەستپێکی ساڵی نوێی 2026، دوو پەیامی لە هەژمارە فەرمییەکانی بڵاوکردەوە، تێیدا پشتیوانیی بێ مەرجی خۆی بۆ داواکارییەکانی خەڵکی ئێران دەربڕی و هۆشداریی دایە تاران لەبارەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.
لە نوێترین تویتیدا کە بەبۆنەی ساڵی نوێی 2026 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە گەلی ئێران شایستەی ئەوەن سامانی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان خەرج بکرێت نەک بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "هیوای ساڵێکی نوێ بۆ گەلی ئێران دەخوازین کە تێیدا ڕێز لە کەرامەت و مافەکانیان بگیرێت. 2026 دەبێت ببێتە ساڵێک کە تێیدا دەنگی ئێرانییەکان چیتر پشتگوێ نەخرێت." واشنتۆن جەختی کردووەتەوە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی ئابووری و دابەزینی بەهای تمەن، "سەرکوتکاری و گەندەڵی"ی دەسەڵاتدارانی تارانە.
لە تویتێکی تریدا کە درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە بڕیاری حکومەتی ئێران گرت بۆ ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی لە 21 پارێزگای ئەو وڵاتە بە بیانووی "قەیرانی وزە". ئەمریکا ئەم هەنگاوەی بە "هەوڵێکی شکستخواردوو" ناوبردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقام و ڕێگری لە خۆپێشاندانەکان. لە تویتەکەدا هاتووە: "جیهان دەبینێت کە تاران چۆن پەنا بۆ 'پشووی زۆرەملێ' دەبات تاوەکو ڕێگری لە دەنگی ناڕەزایەتیی هاوڵاتییان بکات. خامۆشکردنی شەقامەکان لە ڕێگەی پشوو یان بڕینی ئینتەرنێت، ناتوانێت چارەسەری قەیرانە قووڵەکان بکات."
ئەم هەڵوێستە توندانەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی 4 ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم 19 شاری ئێران لەوانە تاران، کەرەج، هەمەدان و کرماشان، بوونەتە مەیدانی خۆپێشاندانی جەماوەری دژ بە بارودۆخی خراپی بژێوی هاووڵاتییان و دابەزینی بەهای دراوی ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.