بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاراستەی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گشتییەکان کرد و ڕایگەیاند، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، بەکارهێنانی هەموو جۆرە یارییەکی ئاگرین و سەرچاوەیەکی ئاگر کە مەترسی دروست بکات، بەتەواوی قەدەغەیە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان، هۆڵی بۆنەکان و ئەو شوێنانە کراوە کە خەڵکی تێدا کۆدەبنەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی داوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک یارییە ئاگرینەکان یان هەر کەرەستەیەک کە ببێتە هۆی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە بەکاربهێنرێت.
ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دەرکراوە.
جگە لە قەدەغەکردنی یارییە ئاگرینەکان، بەرگریی شارستانیی هەولێر پابەندبوونێکی نوێی خستووەتە ئەستۆی خاوەن شوێنەکان، بەوەی پێویستە پێش دەستپێکردنی هەر ئاهەنگ و کۆبوونەوەیەک، لە ڕێگەی دەنگ و ڕەنگەوە ئامادەبووان ئاشنا بکرێن بە ڕێنماییەکانی سەلامەتی و هەروەها ئاماژە بە ڕێڕەوەکانی دەرچوون (Emergency Exit) لەناو هۆڵ و باڵەخانەکاندا بدرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا هاووڵاتییان بتوانن بە سەلامەتی شوێنەکە جێ بهێڵن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە خاوەن هۆڵ و شوێنەکان دەبێت دڵنیا ببنەوە لەوەی سەرجەم ئامێرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگر و سیستەمەکانی سەلامەتی لە شوێنەکانیان بە باشی کار دەکەن. بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری داوە هەر کەمتەرخەمییەک لەم ڕووەوە، خاوەن شوێنەکە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، بەرگریی شارستانیی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا، دەستبەجێ پەیوەندی بە ژمارە فریاگوزارییەکانی (١١٥) یان (١٢٥)ـەوە بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.