بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەم، بەرێوبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ڕایگەیاند: ئاسمان لە نێوان سارد و نیمچە هەور دەبێت، پاشان لە دوای نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بەفربارین روو لەم ناوچانە بکات (سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، ناوچەکانی مێرگەسوور و ئامێد، سنووری ئیدارەی سۆران و بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین، چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر)، ئەگەری بارینی نمەبارانی تێکەڵاو لەسەر ناوچە جیاجیاکانی تری هەرێم هەیە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەم، بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، ئاسمانی هەرێم بە هەوری تەواو دەمێنێتەوە و کاریگەری شەپۆلی بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک، زاخۆ، مێرگەسوور، ئامێدی، سۆران، ڕاپەڕین و چیای سەفین بەردەوام دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێم نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، لە کاتەکانی شەویشدا لە هەندێک شوێن بارانەکە دەگۆڕێت بۆ ''کرێوە''. سەبارەت بە پلەکانی گەرما، پێشبینی دەکرێت بە گشتی 2 بۆ 4 پلە بەرز ببنەوە، تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان و پارێزگای دهۆک نەبێت کە وەک پلەکانی ئەمڕۆ نزم دەمێننەوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی:
هەولێر: 8 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 6 پلەی سیلیزی
دهۆک: 4 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 4 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 10 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 6 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 13 پلەی سیلیزی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.