Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 08:36

لە زاخۆ 12 هاووڵاتی لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ڕزگار کران

کوردستان TV
100%

بەرگریی شارستانیی زاخۆ ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ئاگر لە شوقەیەک لە گەڕەکی کێستای شارەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە 12 کەس بەهۆی دووکەڵەوە گیریان خواردبوو، بەڵام توانرا سەرجەمیان بە سەلامەتی ڕزگار بکرێن.

ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانیی زاخۆ بڵاوی کردەوە، کاتژمێر 11:21ـی شەوی ڕابردوو، ژووری کۆنتڕۆڵ ئاگادار کرایەوە لە بوونی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە شوقەیەک لە گەڕەکی (کێستا) لە شاری زاخۆ.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئاگرکەوتنەوەکە ببووە هۆی دروستبوونی دووکەڵێکی زۆر و ژمارەیەک هاووڵاتی گیریان خواردبوو و تووشی تەنگەنەفەسی بووبوون، بەڵام تیمەکانیان بە هاوکاریی هاووڵاتییان و گەنجانی ناوچەکە توانییان 12 هاووڵاتی ڕزگار بکەن.

بەرگریی شارستانیی زاخۆ ڕوونی کردەوە، هەردوو بنکەی بەرگریی شارستانیی زاخۆ و "رکافا"ـی نوێ بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی ئەمبوڵانس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و کارە پێویستەکانیان ئەنجام داوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، خۆشبەختانە ڕووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و سەرجەم هاووڵاتییەکان سەلامەتن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.