دەنگی خۆشی دایکی باشترین قوتابخانەی هونەری بووە لە پێگەیاندنیدا!
لە هەر پارچەیەکی کوردستانی دابەشکراودا، لە سەرەتای سەدەی بیستەوە سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم، ستەم و چەوساندنەوەیە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە و هەروەها دابونەریتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دواکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردەواری، ژن و کچ و ئافرەتی کورد ڕچەشکێن و بوێرانە دەنگیان هەڵبڕیوە؛ ستران، لاوک و بەستەی شیرینی کوردییان بە دەنگی پڕ لە سۆز و هەستبزوێنیان چڕیوە.
ئەو دەنگە مێیانەی بوونە قوربانی لە پێناو هونەری ئاواز و ستران و لاوکدا، نموونەکانیان وەک: (نەسرین شێروان، مریەم خان، ئەڵماس خان، گوڵبەهار، دایکی جەمال، ئایشە شان، نازدار، ئەسمەر فەرهاد و... تاد) هەریەکەیان بەپێی توانا و ئەو دەرفەتەی بۆیان ڕەخساوە، سەرەڕای بەکەم سەیرکردنیان لەلایەن نەتەوەکەیانەوە و کەوتنە بەر تانە و تەشەر، بەڵام ئەو تەوارانە بوێرانە خزمەتیان کردووە و بەدەیان لاوک و سترانی کوردییان لە فەوتان ڕزگار کردووە.
یەکێک لەو خانمە هونەرمەندانەی باکووری کوردستان، بەهۆی ئەو بارودۆخە دژوارەی دەسەڵاتی تورکیا بۆ کوردی باکووری بارهێنابوو، وەک چەوساندنەوە و زوڵم و قەدەغەکردنی ئاخاوتن بە زمانی شیرینی کوردی، خانەوادەکەی زێدی خۆیان بەجێ دەهێڵن. ئەو لەناو فەرهەنگ و کەلتووری شاری ئەستەنبووڵدا چاو بە ژیان هەڵدێنێت و ماوەی چەند ساڵێک بە زمانی داگیرکەر گۆرانی دەڵێت، ئەویش خانمە هونەرمەندی سترانبێژ (دەلال)ـە.
بەداخەوە زۆر گەڕام و لە سایتەکانم ڕوانی، هیچ سەرچاوە و ئەکاونتێکم بە ناوی (دەلال)ـەوە دەست نەکەوت، بەڵام مەبەستم بوو زانیاری دەربارەی ئەو خانمە سترانبێژە پەیدا بکەم و ئاوڕێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەریی دەلال بدەمەوە؛ چونکە دوای ئەوەی تورکیا بەجێ دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە ئەورووپا، لەو خەوە قوڵە ڕادەپەڕێت و بە هۆش خۆی دێتەوە و بە دەنگە زوڵاڵەکەی سترانی کوردی دەچڕێت.
دەلال خانمە هونەرمەندی کورد!
خانەوادەکەی لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری (مووش)ـی باکووری کوردستانن. لە ساڵی 1954 بەهۆی نالەباریی بارودۆخی ژیان و کاریگەریی ستەمی داگیرکەری تورک، شاری مووش بەجێ دەهێڵن و لە گەورە شاری تورکیا (ئەستەنبووڵ) نیشتەجێ دەبن.
(نەشە ئەحمەد هادی) کە لە نێوەندی هونەریدا بە (دەلال) ناسراوە، لە خانەوادەیەکی کوردی باکووری کوردستان لە ڕێکەوتی 9/4/1961 لە شاری ئەستەنبووڵ لەدایکبووە. دایکی ناوی (شەرەفناز، 1936-2018)ـە، دەلال دوو خوشک و برایەکی هەیە. باوکی (ئەحمەد هادی) کەسێکی بەشمەینەت و زەحمەتکێش بووە، لەگەڵ نیشتەجێبوونی لە ئەستەنبووڵ، لە پێناو دابینکردنی بژێویی خانەوادەکەی بووەتە کرێکار لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبووڵ و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە ساڵی 1992 لەوێ کاری کردووە.
دەلال قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری ئەستەنبووڵ بە زمانی تورکی تەواو کردووە. لە تەمەنی منداڵییەوە حەز و ئارەزووی خوێندنی ستران و لاوکی هەبووە. یەکەمین قوتابخانە کە ئاشنای کردووە بە دنیا جوانەکەی هونەری کوردی، (شەرەفناز)ـی دایکی بووە؛ چونکە دایکی ژنێکی دەنگخۆش بووە و شارەزاییەکی زۆری لەسەر ستران و لاوکی زێدەکەی هەبووە. وەک ژنێکی کورد و دوور لە نیشتمان، بەردەوام بە دەنگە خۆشەکەی هەستی غەریبیی خۆی کپ کردووەتەوە و لاوکی بە گوێی جگەرگۆشەکانیدا چرپاندووە، لەو ڕێگەیەشەوە پێی ڕاگەیاندوون کە ئێمە بەم فەرهەنگ و ژینگەیە نامۆین و ئەمە وڵاتی ئێمە نییە!
دەنگی خۆشی شەرەفنازی دایکی، دەبێتە هۆکار و ڕێگەیەکی ڕۆشن لەبەردەم دەلالی بەهرەمەند: "من لە ڕێگەی دایکمەوە بەرەو خەباتی هونەری هاندرام، دایکم زۆر دەنگی خۆش بوو، ژمارەیەکی زۆری گۆرانی کوردی دەزانی و زۆر بەباشی دەیچڕین. نەناسراویی دەنگێکی ئاوا خۆش زۆر کاری تێکردم؛ یەکەم: لەبەر بێدەرەتانی، دووەم: لەبەر ئەوەی ژن بوو، سێیەم: لەبەر ئەوەی کورد بوو، لە تورکیا هەلی بۆ نەڕەخسا گۆرانی بڵێ. من بە یارمەتی دایکم فێری گۆرانیگوتن بووم."
لە ساڵی 1965 کاتێک تەمەنی تەنها 4 ساڵ بووە، دەلال لە میوانییەکاندا بەهۆی دەنگخۆشییەکەیەوە گۆرانیی پێ گوتراوە. لە تەمەنی 8 ساڵیدا (1969) بۆ یەکەم جار چووەتە سەر شانۆ. لەبری دەستخۆشی، بەردەوام لەلایەن کەس و کار و ئامۆزاکانییەوە لە شاری مووش ڕەخنەی لێ گیراوە و دژی ئەوە بوون کچ گۆرانی بڵێت، بەڵام دایک و باوکی پشتیوانی بوون.
لە ساڵی 1965دا باوکی ئامێرێکی (گرامافۆن)ـی کۆنی دەستی دوو دەکڕێت، ئەوەش دەرفەتێک دەبێت بۆ دەلال تا ڕۆژانە گوێ لە (محەمەد عارف جزیری) و (ئایشە شان) بگرێت و ئاشنای میلۆدی و تێکستی ڕەسەن ببێت. لە ساڵی 1971دا باوکی، دەلالی تەمەن 10 ساڵ دەخاتە قوتابخانەیەکی تایبەتی هونەری بە پارە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بژێوییان دەبێت بەڵام باوکی دواڕۆژی کچەکەی لەلا گرنگتر بووە. دەلال بۆ ماوەی 7 ساڵ وانەی موزیک و ستران دەخوێنێت. دواتر ڕوو دەکاتە ڕادیۆی ئەستەنبووڵ و وەک گۆرانیبێژ بە زمانی تورکی دادەمەزرێت.
دەلال سێ ساڵ لە ڕادیۆی ئەستەنبووڵ کار دەکات و وەک گۆرانیبێژێکی تورک ناوبانگ دەردەکات. یەکەم گۆرانیی بە ناوی "Çay İçinde Dövme Taş" (بەردی خڕی نێو ڕووبار) بڵاو دەبێتەوە. لە 5 کۆنسێرتدا لە شارەکانی ئەنکەرە، ئەستەنبووڵ، مێرسین، ئیزمیر و بۆرسا بەشدار دەبێت و لەگەڵ هونەرمەندانی وەک (ئیبراهیم تاتڵیساس و زەکی موران) دەردەکەوێت. تا ساڵی 1981 بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، پاشان لە تەمەنی 20 ساڵیدا تورکیا بەجێ دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە ئەڵمانیا.
دوورکەوتنەوە لە گۆرانی تورکی و ڕووکردنە ئەورووپا!
دەلال بڕیار دەدات چیتر بە تورکی گۆرانی نەڵێت: "دواتر کە پتر فامم کردەوە، هەڵەکانی خۆمم بۆ ڕوون بووەوە. بە خۆمم دەگوت: من کچی گەلێکی ئەسیر و زوڵملێکراوم. تێگەیشتنم لە داگیرکردنی گەلەکەم وای لێ کردم ڕێگایەک بۆ خزمەتی گەلەکەم هەڵبژێرم. دەنگ و گۆرانییەکانی (شڤان پەروەر) و (گوڵستان) منیان لە خەو ڕاپەڕاند. بە خۆمم گوت بۆچی دەبێ شاهیدی مردنی فەرهەنگی گەلەکەم بم؟ دەبوو بێمە ڕیزی خەڵکەکەمەوە."
لە ئەورووپا بۆ ماوەی 2 ساڵ لە کار دوور دەکەوێتەوە بۆ ئەوەی ڕاهێنان لەسەر میلۆدییە کوردییەکان بکات. کاتێک دەگەڕێتەوە سەر شانۆ، بە گۆرانی "غەزاڵ"ـی محەمەد عارف جزیری دەست پێ دەکات. پاشان 3 کاسێتی گۆرانی کوردی بە ناوەکانی (دەلال 1، 2 و 3) تۆمار دەکات. دەلال بەشداریی دەیان بۆنەی نەتەوەیی کردووە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، سویسرا، دانیمارک، نەرویج، هۆڵەندا و چەندینی تر. لە ساڵی 1991دا لە ستۆکهۆڵم لەگەڵ هونەرمەند (ناسر ڕەزازی) بە دووقۆڵی گۆرانییان بۆ کۆڕەوی ملیۆنیی باشووری کوردستان چڕیوە.
هونەرمەندی ژەنیار (موراد کاوە) دەڵێت: "لە کۆتایی ساڵی 1994ەوە بە فەرمی دەستم بە کارکردن کرد لەگەڵ دەلال تا ساڵی 2000. دەلال خاوەنی دەنگێکی خۆش و گوێیەکی موزیکیی باش بوو. زۆر حەزی لە دیالێکتی سۆرانی بوو، منیش تێکستی هونەرمەندان (حەسەن زیرەک، تاهیر تۆفیق و محەمەدی ماملێ)ـم بە ڕێنووسی لاتینی بۆ دەنووسییەوە و ئەویش بەباشی دەیخوێندن."
دەلال جیا لە ستران، حەزی لە نیگارکێشی، کاری دەستی، مەلەوانی و خوێندنەوەیە. ئاواتی گەورەی ئازادیی کوردستان و یەکسانیی ژن و پیاوە. ئێستا نیشتەجێی ستۆکهۆڵمە و چەند ساڵێکە لە کایەی هونەری دوور کەوتووەتەوە. هیوای تەمەن درێژی و تەندروستی بۆ دەخوازین.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک)
28/12/2025 - سلێمانی
سەرچاوەکان:
کتێبی "ئاواز و گۆرانی، کورتەیەک لە مێژووی ئاواز و گۆرانی کوردی"، حامید گەوهەری، ستۆکهۆڵم 1994، لاپەڕە 209.
پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند موراد کاوە، ڕێکەوتی 6/12/2025.
تێبینی: سوپاسی بێپایان بۆ نووسەر حامید گەوهەری بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی ژیانی ئەم خانمە هونەرمەندە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.