پاش ئەوەی نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی ئاستی 144 هەزار تمەنی تێپەڕاند، کاسبکارانی چەند بازاڕێکی گەورە و ستراتیژی لە تاران، لەوانە بازاڕی مۆبایلی "عەلادین"، کۆمەڵگەی بازرگانی "چارسوو" و بازاڕی "شۆش"، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە خراپیی دۆخی ئابووری، دوکانەکانیان داخست و ڕژانە سەر شەقامەکان.
ئەم ناڕەزایەتییانە هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونی قەیرانی دراو لە ئێران. ڕۆژی یەکشەممە بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی ئازاددا 144 هەزار تمەنی تێپەڕاند، لە کاتێکدا ڕۆژێک پێشتر بە 137 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنها مانگێک لەمەوبەر بەهای دۆلار 114 هەزار تمەن بووە.
خراپیی دۆخی گوزەرانی خەڵک تەنها لە بەهای دۆلاردا ڕەنگی نەداوەتەوە؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکانی "ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامیی ئێران"، ڕێژەی هەڵاوسانی "خاڵ بە خاڵ" لە وڵاتدا ئاستی 52%ی تێپەڕاندووە. هەروەها لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان بە تێکڕا زیاتر لە 66% بەرزبووەتەوە، ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژیانی هاوڵاتیان و بازاڕەکانی تووشی چەقبەستوویی کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.