بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو ڕایگەیاند، شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارین داهاتی ئاوی بەنداوەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆگا کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماری کاریگەریی دواین شەپۆلی بارانبارین و لافاوی لەسەر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، بە کاریگەریی شەپۆلەکە ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 85 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخان 60 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە بەنداوەکانی دیکەش کراوە، بە جۆرێک ئاستی ئاوی بەنداوی گۆمەسپان 60 سانتیمەتر و بەنداوی دهۆک 16 سانتیمەتر زیادیان کردووە.
سەبارەت بە بەنداوە بچووکەکانی سنووری گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و دهۆک، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردووەتەوە کە توانیویانە بە سەلامەتی شەپۆلی لافاوەکە تێپەڕێنن و زۆربەیان پڕ بوون، ئەوانی دیکەشیان بڕێکی باش ئاویان تێدا کۆگا کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو جەختی کردووەتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە لە ڕۆژانی داهاتووشدا بۆ زیادکردنی ئاوی بەنداوە گەورەکان بەردەوام دەبێت و بەمەش هەرێمی کوردستان بە کەشێکی تەڕ و بووژانەوەی سەرچاوەکانی ئاوەوە، پێ دەنێتە ساڵێکی نوێوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.