سەرۆک بارزانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی کردووەتەوە "دەبێ میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵکی تایبەتی خۆی نەزانێت".
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە "مەرج نییە ئەو کەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت پارتی یا یەکێتی بێت و دەکرێ لە لایەنێکی تر بێت یا بێلایەن بێت؛ گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق".
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە کوردستانیەکان ئەو قەناعەتیان هەبێت کە ئەم پۆستە پشکی کوردە و بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، دەبێ میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵکی تایبەتی خۆی نەزانێت.
میکانیزمەکەش بەمشێوەیە بێت کە: یان لە پارلەمانی کوردستان کەسێک وەک نوێنەری کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار دیاری بکرێت، یان تێکڕای لایەنە کوردستانیەکان کۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر کەسێک ڕێک بکەون، یانیش نوێنەران و فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بکەن. مەرجیش نیە کە ئەو کەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت پارتی بێت یان یەکێتی بێت، دەکرێ لە لایەنێکی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
مسعود بارزانی
29ی کانوونی یەکەمی 2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.