پۆلیسی کەرکووک ڕەتی دەکاتەوە هێرشی داعش لە بازگەی دارەمان ڕووی دابێت و ئاشکرای دەکات، شەڕە تەقەکە لەگەڵ بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر بووە و لە ئەنجامدا بریندار کراوە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو لە بازگەی دارەمان لەنێوان شاری کەرکووک و شارەدێی پردێ، دەنگی تەقە بیستراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاو کرایەوە کە هێرشی چەکدارانی داعش بووە، بەڵام پۆلیس ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە.
لەم بارەیەوە پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، هێزەکانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بەدوای بازرگانێکی ماددەی هۆشبەرەوە بوونە، کاتێک گەیشتوونەتە نزیک بازگەکە، بازرگانەکە بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت، هەوڵی ڕاکردنی داوە و تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کردووە.
هێزە ئەمنییەکان ڕوونیان کردەوە، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی پۆلیسدا، بازرگانەکەی ماددەی هۆشبەر بریندار بووە و دەستگیر کراوە.
سەبارەت بە ناسنامەی تۆمەتبارەکە، پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی ئەوەی هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دۆسیەکە دانەخراوە، جارێ ناوی ئەو کەسە ئاشکرا ناکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.