چەند كاتژمێرێكە بەفربارین بەشێوەیەكی چڕ لە شەقڵاوە دەستی پێ كردووە، قایمقای شەقڵاوە لە رێگەی (كوردستان تیڤی)یەوە داوای لە هاووڵاتییان كرد خۆیان بەدوور بگرن لە گەشتكردن بۆ بەرزاییەكانی چیای سەفین، چونكە كەشوهەوای شوێنەكە گونجاو نییە.
سوار ئەكرەم قایمقامی شەقڵاوە رایگەیاند: ماوەی چەند كاتژمێرێكە بەفربارین بە چڕی لە شەقڵاوە و رێگەی هیران و ناوچەکە بە گشتی دەستی پێ کردووە.
سوار ئەکرەم راشیگەیاند: سوپاس بۆ خودا تاوەکو ئێستا ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان لە ناوچەكە دروست نەبووە، چونكە هەرچەندە بەفربارینەکە چڕ بێت تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر بەردەوامن لە ڕاماڵینی بەفر لەسەر رێگەکان تا ئاستەنگی هاتوچۆ دروست نەبێت.
قایمقامی شەقڵاوە داواشی لە هاووڵاتییان کرد كە ئاگاداری خۆیان بن لە بەرزاییەکانی سەر چیای سەفین، چونكە كەشوهەوای شوێنەكە شیاو نییە بۆ سەردان و گەشت بەتایبەت لە درەنگانی ئێوارە و شەواندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.