بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلی بەفربارین و کڕێوەوە، ئاستەنگیی هاتوچۆ لە ڕێگەی نێوان چۆمان - دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دروست بووە و داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت، ڕێگەکە بەکار نەهێنن.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لە شەوی ڕابردووەوە تیمەکانمان لە ڕێگەکانی (زینی وەرتێ، سیدەکان و حاجی ئۆمەران) سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفرن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر بەفر باریوە و کەشوهەوا نالەبارە، هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگری ئێرانی، ئاستەنگیی هاتوچۆ لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دروست بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ تەنیا ڕێگە بە ئۆتۆمبێلی (دەبڵ ئەکسل) دەدەن لەو ڕێگەیەدا هاتوچۆ بکەن، ئۆتۆمبێلەکانی دیکەش پێویستە زنجیر لە تایەکانیان ببەستن.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران هۆشداریی دایە هاووڵاتییان و گوتی: "داوا دەکەین ئەوەی کاری زۆر پێویستی نەبێت، ئەم ڕێگەیە بەکار نەهێنێت".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 28/12/2025 نزیکەی 30 سانتیمەتر بەفر لە حاجی ئۆمەران باریوە و بەمەش کۆی گشتیی ڕێژەی بەفربارینی ئەمساڵ بۆ 80 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.