Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 03:12

گرووپێکی شاخەوانی لە کوێستانەکانی سیدەکان گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن

کوردستان TV
100%

بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و ئاستەنگی هاتوچۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری قەزای سیدەکان، گروپێکی شاخەوانی کە لە 7 کەس پێکهاتوون، لە شەوی ڕابردووەوە گیریان خواردووە و تا ئێستا نەتوانراوە ڕزگار بکرێن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم گروپە 3 ئۆتۆمبێلیان پێیە و لە سنووری گوندی "بێرکمە" و ڕێگای کوێستانەکانی "کێلەشین" بەهۆی بەفرێکی زۆر و داخرانی ڕێگاکانەوە گیریان خواردووە و بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و بەردەوامی بەفربارین، سەرجەم ڕێگاکانی هاتوچۆیان لێ بڕاوە.

"بازی ئازاد"، یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە، لە ڕێگەی (کوردستان تیڤی)یەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لە شەوی ڕابردووەوە لەم ناوچە کوێستانییەدا ماوینەتەوە و بەهۆی زۆری ڕێژەی بەفرەکەوە هیچ ڕێگەیەک بۆ هاتوچۆ نەماوە."

ناوبراو داوای بەهاناوەچوونی بەپەلە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و تیمەکانی ڕێگەوبان و فریاگوزاری دەکات بۆ ئەوەی پێش تێکچوونی زیاتری باری تەندروستییان و سەختتربوونی کەشوهەواکە، لەو ناوچەیە ڕزگار بکرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ژێر سفر دابەزیون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.