ئەمشەو شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەریەک لە بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان، چوارەمین فێستیڤاڵی سەری ساڵی نوێی زاینی لە بەردەم پارکی شانەدەر دەستیپێکرد.
دەیان دوکان و خێمە بۆ کاسبکاران دابین کراوە تا بەرهەمەکانیان تێدا نمایش بکەن و بیفرۆشن.
زۆربەی بەرهەمەکان بریتین لە خواردەمەنی کوردەواری، کارە دەستییەکان و کەلوپەلی خۆماڵی.
ئامانجی سەرەکی فێستیڤاڵەکە دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ خێزانەکان و گەشتیاران لە پێشوازی ساڵی نوێدا.
چەندین چالاکی و ئاهەنگی هونەری بۆ گەشتیاران و میوانان ئامادە کراوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەشەکانی فێستیڤاڵەکەدا، دەستخۆشی لە کاسبکاران و بەشداربووان کرد و جەختی لە پشتیوانی پارێزگا کردەوە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و بوژانەوەی بازاڕ.
جێی ئاماژەیە، ئەم فێستیڤاڵە بە هاوبەشی پارێزگای هەولێر و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ڕێکخراوە و ساڵانە بەردەوامی هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.