بڕیارە ڕۆژی 29ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەم ئەنجام بدات، کە تێیدا هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێدەکەن و دەستەی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
پەرلەمانی عێراق کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە ڕۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت. لە بڕگەی یەکەمی کارنامەکەدا، پەرلەمانتارە نوێیەکان سوێندی یاسایی دەخۆن و لە بڕگەی دووەمیشدا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دادگای فیدراڵی لە 14ـی کانوونی یەکەمدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی پەسەند کرد. بەپێی نەریتی سیاسیی عێراق، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە، جێگری یەکەم بۆ شیعە و جێگری دووەم بۆ کورد دیاریکراوە، کە ئەرکیان بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان و ڕێکخستنی کاروباری یاسادانانە.
بەپێی دەستوور، دوای یەکلاکردنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. پاشان لە ماوەی 15 ڕۆژدا، سەرۆک کۆماری نوێ کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕادەسپێرێت، بەمەش پڕۆسەی دەستبەکاربوونی دەسەڵاتە نوێیەکانی وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.