گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ژنە عومرەکارێکی خەڵکی سلێمانی دوای مانەوەی بۆ ماوەی 11 ڕۆژ لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد.
کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ 27/12/2025، عومرەکارێکی کورد بە ناوی (سەرگوڵ عەبدوڵڵا حەمەکەریم) لە شاری مەدینەی پیرۆز کۆچی دوایی کرد.
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش دا، ئەو عومرەکارە لە ڕێکەوتی 16ـی 12ـەوە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و ماوەی نزیکەی 11 ڕۆژ لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدا ماوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، عومرەکارەکە خەڵکی پارێزگای سلێمانییە و تەمەنی لە سەرووی 79 ساڵەوە بووە، بڕیاریشە هەر لە شاری مەدینەی پیرۆز بە خاک بسپێردرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا، ئەمە 14یەمین عومرەکاری کوردە کە لە سعودیە کۆچی دوایی دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.