بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ رایگەیاند، ئاگرێک کە لە بازاڕی کەمپی باجد کەندالا کەوتبووەوە، کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری ماددی لێ کەوتووەتەوە و نزیکەی 30 بۆ 35 دوکان سووتاون.
جەمال هەسن خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە کوردستان تیڤی راگەیاند، کاتژمێر 6:00ـی بەیانی پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵی بەرگری شارستانییەوە کرا، سەبارەت بە هەبوونی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی باجد کەندالا.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ ئاماژەی بەوەدا، 9 تیم بەشداربوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا و توانییان لە کەمتر لە نیو کاتژمێردا بەتەواوی کۆنترۆڵی بکەن.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خێرایی بڵاوبوونەوەی، جەمال هەسن خەلیل روونی کردەوە: "زۆربەی ئەو کەرەستانەی لەم بازاڕەدا فرۆشراون، زیاتر ئەوانە بوون کە یارمەتیدەر بوون بۆ دروستبوونی ئاگرەکە. لەگەڵ ئەم رووداوەشدا بایەکی بەهێز هەڵیکرد، ئەوەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی ئاگرەکە زیاتر بڵاوببێتەوە".
هەروەها زیادی کرد، ئەو کەرەستانەی لە ناو ئەم بازاڕەدا دەفرۆشرێن، زیاتر شوێنی فرۆشتنی مەی، سووتەمەنی و جوانکاری (کۆزمەتیک) بوون. دواجاریش سوپاسی خودای کرد کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانە ماددییەکان زۆرن و نزیکەی 30 بۆ 35 شوێنی فرۆشتن بەتەواوی سووتاون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.