پەکین سزای توندی بەسەر 20 کۆمپانیای سەربازی و 10 بەرپرسی ئەمریکیدا سەپاند و بەوەش "ئاگربەستە ئابوورییەکەی" نێوان شی جین پینگ و دۆناڵد ترەمپ کەوتە بەردەم مەترسی و تاقیکردنەوەیەکی سەخت.
لە هەنگاوێکی نوێدا، وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ هەینی 26 کانوونی یەکەمی 2025، رایگەیاند: سزای توندی بەسەر 20 کۆمپانیای پیشەسازی سەربازی و 10 بەرپرسی ئەمریکیدا سەپاند. ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەکە بەرامبەر واژۆکردنی گەورەترین پاکێجی فرۆشتنی چەک لەلایەن واشنتنەوە بە تایوان، کە بڕەکەی 11.1 ملیار دۆلارە و سیستەمی "هایمارس و جاڤلین" لەخۆدەگرێت.
دیارترین ئەو کۆمپانیایانەی سزاکە دەیانگرێتەوە بریتین لە: "نۆرسرۆپ گرومان، بۆینگ و ئێڵ 3 هاریس". چین جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا "ئاشتی و سەقامگیری بە جددی تێکدەدات".
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە، تەنها دوو مانگ لەمەوبەر "شی جین پینگ" و "دۆناڵد ترەمپ" لە کۆریای باشوور کۆبوونەوە و گەیشتنە ڕێککەوتنێکی بازرگانی بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرگی لە 57% بۆ 47%. ئێستا ئەم سزایانە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ ئەو "ئاگربەستە ئابوورییەی" کە لە نێوان هەردوو زلهێزەکەدا هاتبووە ئاراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.