Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 06:50

چیرۆكی ئەو گەنجەی دەڵێت لەلایەن خوداوە پەیامی بۆ هاتووە بەمزووانە تۆفان و لافاو روو دەدات

کوردستان TV
100%

گەنجێكی وڵاتی گانا بەم دواییە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەوادارێكی زۆری لە سەرتاسەری جیهان لەخۆی كۆكردۆتەوە، گەنجەكە دەڵێت "لەلایەن خوداوە پەیامم بۆ هاتووە كە بەمزووانە تۆفان و لافاو روو دەدات و بەهۆیەوە خەڵكێكی زۆر لە جیهان لەناو دەچن".

گەنجەكە ناوی ئیبۆ جیسوسە و ناوی لەخۆی ناوە (ئیبۆ نووح) و تەمەنی 30 ساڵە.

ئیبۆ دەڵێت "لەلایەن خوداوە پەیامم بۆ هاتووە كە بۆ ماوەی 3 ساڵ لەسەر یەك باران دەبارێت و بارانبارینەكەش لە 25/12/2025 دەست پێ دەكات".

ئیبۆ هەروەها دەڵێت "خودای گەورە داوای لێ كردووم كاری پێغەمبەر نووح لە دروستكردنی كەشتی گەورە دووبارە بكەمەوە بۆ ئەوەی خەڵك و ئاژەڵ و باڵداران لە تۆفان و لافاو رزگار بكەم".

ئەو گەنجەی گانا پەیامەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تیكتۆك، ئینستگرام و یوتووب) بڵاو دەكاتەوە و بەهۆیەوە هەزاران هەواداری لە سەتاسەری جیهان بۆ خۆی پەیدا كردووە.

لە بەشێك لە ڤیدیۆكان دەردەكەوێت كە ئیبۆ و دەیان هاوەڵی خەریكی كۆكردنەوەی دار و دروستكردنی كەشتی گەورەن، ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی ئەم كەشتییانەوە دەتوانێت 600 ملیۆن كەس لە جیهان رزگار بكات.

هەرچەندە پەیام و ڤیدیۆكانی ئیبۆ نووح جێگەی گومان و پرسیارن، بەڵام بە هەزاران كەس بڕوایان پێی كردووە و تەنانەت خانوو و ماڵ و سەروەت و سامانیان فرۆشتووە و بۆیان ناردووە تا لە كاتی دروستبوونی تۆفان و لافاوەكەدا رزگاریان بكات.

هەرچەندە ئیبۆ نووح چەند جارێك لەلایەن دەسەڵاتدارانی گانا بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی هەواڵ و دەنگۆی ناڕاست و چەواشەكاری دەستگیر كراوە، بەڵام دوای ماوەی چەند كاتژمێرێك لە دەستگیركردن ئازاد كراوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.