وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان مژدەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا بە هاووڵاتییان دەدات و جەختیش دەكاتەوە ئەمە دوایین وەرزی زستان دەبێت کە کێشەی پچڕانی کارەبا ڕووبدات.
وەزارەتی كارەبا لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند "هاووڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە لە بەردەوامیدان بە چالاکییەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و کارەبا و سازدانەوە لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەپێناو دابینکردنی کارەبا بە باشترین شێوە".
هەروەها رایدەگەیەنێت "ئەم چالاکییانە كێشەی 30 ساڵەی کارەبا بەیەکجاری بنبڕ دەکەن و ئەمە دوایین وەرزی زستان دەبێت کەوا کێشەی پچڕانی کارەبا ڕووبدات".
وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەش دا "ئێستا 70٪ی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری پڕۆژەی ڕووناکییان پێگەیشتووە و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتیمانی بەردەوامییان پێ دەگات".
وەزارەتی کارەبا لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا سوپاسی پشوودرێژی و هاوکاری بەردەوامیی هاووڵاتییانی كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.