مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزبایی ئاراستەی کریستییانانی کوردستان و عێراق و جیھان کرد.
لەم پەیامەدا بە ئاماژەکردن بەوەی کوردستان وەک هەمیشە و بە بێ جیاوازی، نیشتمان و زێدی فرەپێکهاتەکان و لانکەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و برایەتی بووە، جەخت لەسەر پتەوکردنی ئەو فەرهەنگ و کەلتوورە دێرینەی فرەڕەنگی لە کوردستان کراوەتەوە.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)
بە بۆنەی جەژنی کریسمەس و لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) پیرۆزباییەکی گەرم لە خوشک و برایانی کریستیان لە کوردستان و عیراق و هەموو جیهان دەکەین، ئومێدەوارین ئەو جەژنە بە ئارامیی و بەختەوەریی بەسەربەرن.
هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە و بەبێ جیاوازی، نیشتمان و زێدی فرە پێکهاتەکانە و لانکەی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و برایەتی بووە، ئەمەش مایەی شانازی هەموومانە لە سایەی سەقامگیریی و ئاسوودەیی ئەو قەوارە سیاسییە ڕەوایەدا.
بەو بۆنەیە و لەم دەرفەتەدا جەخت لەسەر پتەوکردنی ئەو فەرهەنگ و کەلتوورە دێرینەی فرەڕەنگی دەکەینەوە و ئومێدەوارین بۆ لەمەودواش زیاتر هەوڵ بدەین وڵاتەکەمان ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بێت و خۆشگوزەرانی و دەستکەوتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان بێنینە دی.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲٥
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.