Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 10:47

مارک ساڤایا بەبۆنەی جەژنی کریسمسەوە پەیامێکی ئاراستەی گەلی عێراق کرد

کوردستان TV
100%


مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، بەبۆنەی جەژنی کریسمس و نزیكبوونەوەی ساڵی نوێی ٢٠٢٦، پەیامێکی پیرۆزبایی و هاوسۆزیی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق کرد.

ساڤایا لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاوی کردووەتەوە، وێڕای دەربڕینی خۆشەویستی و پشتیوانی بۆ خەڵکی عێراق، رایگەیاند: "عێراق تەنها وڵاتێکی خاوەن مێژووی دێرین نییە، بەڵکوو نیشتمانی گەلێکی ئازا و بەهێزە کە بۆ هەزاران ساڵە دابونەرێت و باوەڕەکانی خۆیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە."

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق ستایشی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی لە وڵاتەکەدا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە عێراقییەکان تەنانەت لە سەختترین کاتەکانیشدا میهرەبانییەکی زۆریان نیشان داوە و وەک یەک خێزانی گەورە چاودێریی یەکتریان کردووە و رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان بوونەتەوە.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مارک ساڤایا هیوای خواست کە ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی بۆ خێزانەکان و ئاشتی بۆ کۆمەڵگەکان، هەروەها ببێتە سەرەتایەک بۆ نوێبوونەوەی ئومێد بەرەو پاشەڕۆژێکی سەقامگیر و یەکگرتوو بۆ هەموو عێراقییەکان.

لە کۆتاییدا، ساڤایا هیوای خواست ساڵی ٢٠٢٦ ساڵێکی پڕ لە خۆشی، سەقامگیری و گەشەسەندن بێت بۆ گەلی عێراق.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.