وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشكرای كرد كە ئەوان ئاگاداری جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی ئێرانن، جەختیشی كردەوە كە هیچ هەڕەشە و مەترسییەك لەو وڵاتە قبووڵ ناكەن.
یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت: لە نزیكەوە چاودێری جموجۆڵە مووشەكییەكانی ئێران دەكەین، هەر هەڕەشەیەك لەو وڵاتەوە جێگەی قبووڵكردن نییە.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل چەند رۆژێك پێش ئێستا لەسەر هەمان بابەت قسەی بۆ بۆ میدیاكانی ئیسرائیل كردبوو و رایگەیاندبوو: ئیسرائیل باش دەزانێت كە ئێران بەم دواییە دەستی بە مەشق و مانۆڕە سەربازییەكانی كردۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشدابوو كە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە و هەروەها چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئەم دواییەی ئێران دەكات.
نەتانیاهۆ هەروەها گوتبووی: پەیامی من بۆ ئێران روون و ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە كە هەر كردەوەیەكی سەربازی دژی وڵاتەكەمان بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو نەتانیاهۆ كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیل كردبوو بەر لە دەستپێكردنی گەشتەكەی بۆ ئەمریكا.
لای خۆشییەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران نەیشاردبووەوە كە وڵاتەكەی بە دووری نازانێت دووبارە لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە هێرشیان بكرێتە سەر یاخود كردەوەیەكی دیكەی سەربازی دژییان ئەنجام بدرێتەوە.
جەختیشی كردبووەوە كە لە بەرامبەردا ئێران بەهەموو هێزییەوە ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و پەلامارێك تەنانەت باشتر لە جاران وەڵامی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدابوو كە وڵاتەكەی هەموو ئەو شوێنانەی نۆژەن كردۆتەوە كە بەهۆی هێرشەكان زیانیان بەركەوتبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.