یەكێتی ئەوروپا بڕیاری دا بەشێوەی بەپەلە هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بنێرێن بە بڕی 100 هەزار یۆرۆ.
لە راگەیەنراوێكی ئەمڕۆ چوارشەممەی یەكێتی ئەوروپا هاتووە "ئەو هاوكاری و بڕە پارەیە لە رێگەی مانگی سووری عێراقی دەنێرێن وەك قەرەبوویەك بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی رۆژانی رابردوو".
لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە "هاوكارییەكان بریتین لە كەلوپەلی ناوماڵ، خواردن و خواردنەوە، پێداویستی زستانە، پێداویستی پاككردنەوە، پێداویستی تەندروستی، خزمەتگوزاری ئاو لەگەڵ هاوكاری دارایی".
لە راگەیەنراوەكەی یەكێتی ئەوروپا ئاماژە بەوەشدراوە "زیاتر لە 16 هەزار كەس لەم هاوكارییە مرۆییە سوودمەند دەبن ئەوانەی بەهۆی لافاو زیان بەر ماڵ و حاڵیان كەوتووە".
بەهۆی بارانی بەخوڕ، رۆژی 9ی ئەم مانگە لافاو لە شارۆچكەی چەمچەماڵ و شارەدێی شۆڕش و شارەدێی تەكییە و بەشێك لە ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دروست بوو.
بەگوێرەی دوایین ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان، بەهۆی لافاوەكە 5 كەس گیانیان لەدەست دا و 19 كەسی دیكەش بریندار بوون، هەر بەهۆی ئەم لافاوە زیاتر لە دوو هەزار ماڵ و دوكان و شوێنی بازرگانی و پڕۆژە زیانیان بەركەوت.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە چەمچەماڵ دوێنێ سێشەممە ئاماژەی بەوە دا كە زیاتر لە 14 ملیار دینار هاوكاری دارایی لەلایەن رێكخراو و سەرمایەدار و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ قەرەبووی زیانلێكەوتووانی لافاو گەیشتوونەتە بانكی چەمچەماڵ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.