ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025، ناوی سودمەندبووانی وەجبەیەکی دیکەی زەوی لە سنووری سەنتەری شاری هەولێر بۆ ئەفسەران و پێشمەرگەکان ئاشکرا دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، لیستی ناوی ئەو پێشمەرگانەی لەم قۆناغەدا سودمەند دەبن، هاوشێوەی وەجبەکانی ڕابردوو ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتەوە. دواتریش لە ڕێگەی "لیژنەی وەرگرتنی زەوی" ناوەکان بۆ یەکە سەربازییەکان ڕەوانە دەکرێن تاوەکو ڕێکارەکان تەواو بکرێن.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، دەتوانن بۆ زانینی وردەکاریی زیاتر و ئاگاداری لە ناوی خۆیان، سەردانی یەکە سەربازییەکانی خۆیان بکەن.
ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ دابینکردنی زەویی نیشتەجێبوون بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستی پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.