وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، ئەو فڕۆكەیەی ئەمشەو لە ئاسمانی ئەنقەرە كەوتۆتە خوارەوە، جگە لە تیمی فڕۆكەوانی، پێنج كەسی دیكەی تێدا بووە لەنێویاندا سەرۆك ئەركانی لیبیا بووە، بەگوێرەی میدیاكانی توركیا سەرجەم سەرنشینەكان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمشەو سێشەممە لە ئاسمانی ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، پەیوەندی لەگەڵ فڕۆكەیەك لە جۆری فالكۆن 50 پچڕا كە محەمەد عەلی ئەحمەد ئەلحەداد سەرۆك ئەركانی لیبیای تێدا بوو.
عەلی یەرلیكایا وەزیری ناوخۆ توركیا لەبارەی رووداوەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: فڕۆكەكە لە كاتژمێر 8:10ی ئەمشەو لە فڕۆكەخانەی ئەنقەرە بەرەو فڕۆكەخانەی تەرابلوس هەڵساوە، لە كاتژمێر 8:52 خولەك پەیوەندی لەگەڵ فڕۆكەكە پچڕاوە.
بڵاویشی كردۆتەوە: سەرەتا تیمی فڕۆكەوانی فڕۆكەكە لە نزیك ناوچەی حیمانە لە ئاسمانی ئەنقەرە داوای رێگەپێدانی بەپەلەی نیشتنەوەیان كردووە، بەڵام نەتوانراوە دووبارە پەیوەندییان پێوە بكرێتەوە.
وەزیری ناوخۆ توركیا هەروەها بڵاوی كردەوە: لەنێو فڕۆكەكە پێنج سەرنشینی تێدابووە كە لەنێویاندا محەمەد عەلی ئەحمەد ئەلحەداد سەرۆك ئەركانی لیبیا لەگەڵ تیمی فڕۆكەوانی فڕۆكەكە هەبووە.
لای خۆیانەوە میدیاكانی توركیا ئاماژەیان بەوەداوە: پارچەكانی فڕۆكە تێكشكاوەكە دۆزراونەتەوە و سەرجەم سەرنشینەكانی ناوی بە سەرۆكی ئەركانی لیبیاوە گیانیان لەدەستداوە، هەواڵی گیانلەدەستدانەكەش بە حكوومەتی لیبیا گەیەنراوە.
هەر دوای رووداوەكە، عەبدولحەمید دیبەییە سەرۆك وەزیرانی لیبیا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی بەپەلەی دەركردووە بۆ ئەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی توركیا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەدا بكەن.
محەمەد عەلی ئەحمەد ئەلحەداد سەرۆك ئەركانی لیبیا هەر ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنقەرە كۆبوونەوەی لەگەڵ یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا و سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا ئەنجامداوە و گفتوگۆیان لەبارەی هاوكارییە سەربازییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.