ئەمشەو سێشەممە پەیوەندی لەگەڵ فڕۆكەیەك لە ئاسمانی ئەنقەرەی پایتەختی توركیا پچڕاوە، زانیارییە سەرەتاییەكان دەری دەخەن كە فڕۆكەكە كەوتۆتە خوارەوە و بەرپرسێكی باڵای سەربازی لیبیای تێدا بووە.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردۆتەوە: پەیوەندی لەگەڵ فڕۆكەیەك لە جۆری فالكۆن 50 لە ئاسمانی ئەنقەرە پچڕاوە كە محەمەد ئەلحەداد سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیای تێدا بووە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان فڕۆكەكە كەوتۆتە خوارەوە، بەڵام دیار نییە كە ئایا پێكراوە یاخود بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە كەوتۆتە خوارەوە.
عەبدولحەمید دیبەییە سەرۆك وەزیرانی لیبیا لیژنەیەكی بەپەلەی بۆ رووداوەكە پێكهێناوە بۆ ئەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی توركیا لێكۆڵینەوە بكەن.
فڕۆكەكە لە ئەنقەرە هەڵساوە و بەرەو تەرابلوس بەڕێكەوتووە، تا ئێستا چارەنووسی سەرنشینەكانی دیار نییە.
محەمەد ئەلحەداد سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیا ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنقەرە لەگەڵ یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا و سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا كۆببووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هاوكارییە سەربازییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.