Erbil 31°C ھەینی 03 تەمووز 22:32

سبەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران كۆدەبنەوە

کوردستان TV
100%

بڕیارە سبەی دووشەممە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق ئەنجام بدرێت.

ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم) ئاماژەی بەوەداوە كە كۆبوونەوەكە فراوان و گرنگ دەبێت و سبەی شەو لە ماڵی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەڕێوەدەچێت.

سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئامانجیانە پڕۆسەی دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوا نەكەوێت و پێش ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكلایی بكرێتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكان تا ئێستا ناوی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق یەكلایی نەبووەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت سبەی شەو ناوی هەموو ئەو كەسانە بهێنرێت كە بۆ پۆستەكە پاڵێوراون و رەنگە ناوەكانیشیان بخرێتە دەنگدانەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە تا ئێستا چانسی محەمەد شیاع سوودانی بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران ماوە و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی سبەی ئەمە بابەتەش تاوتوێ بكرێت.

ئەم كۆبوونەوەیەی سبەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كاتێكدایە كە تا دێت فشارە سیاسییەكان بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەر لە یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فراوانتر دەبن، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت رێگری بكەن لە فراوانبوونی ناكۆكییەكانی ماڵی شیعە بەتایبەت لە بابەتی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقدا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.