سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەو هێرشە ئاسمانییەی کراوەتە سەر تیرۆریستان لە سووریا، بە سەرکەوتوویی و وردییەکی زۆرەوە جێبەجێ کراوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی لەم دواییانەدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی وتارێکدا کە لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور پێشکەشی کرد، رایگەیاند: "فەرمانی ئەنجامدانی هێرشێکی چڕم دەرکرد دژی ئەو تیرۆریستانەی کە هەفتەی رابردوو 3 لە پاڵەوانە مەزنەکانمانیان کوشت".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "بە وردییەکی زۆرەوە لە هەموو ئامانجەکانمان داوە"، روونیشیکردەوە کە هێرشەکە پێگەکانی ڕێکخراوی داعشی کردووەتە ئامانج و ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش وتارەکەی جێبەجێ کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئێوارەی هەینی رایگەیاند، لەو هێرشە چڕانەدا زیاتر لە 100 بۆمب و مووشەکی وردیان بەکارهێناوە و بنکەکانی رێکخراوی داعشیان لە سووریا کردووەتە ئامانج، ئەوەش لە وەڵامی ئەو هێرشەدا بووە کە کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک شاری تەدمور.
هاوکات پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "HAWKEYE STRIKE" لە سووریا راگەیاند، کە ئامانج لێی لەناوبردنی چەکدارانی داعشە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشەکەی تەدمور.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.