Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 15:51

لۆڤەر لە دزینی 88 ملیۆن یۆرۆوە بۆ مانگرتنی سەرتاسەری

کوردستان TV
100%

بەناوبانگترین مۆزەخانەی جیهان (لۆڤەر) ڕۆژی دووشەممە دەرگاکانی داخست و گەشتیارانی تووشی شۆک کرد، ئەمەش بەهۆی مانگرتنی کارمەندانی مۆزەخانەکەوە بوو.

نزیکەی 400 کارمەند بە کۆی دەنگ بڕیاری مانگرتنیان داوە و داوای مووچەی باشتر و زیادکردنی کارمەند دەکەن. سەندیکاکان دەڵێن: "سەردانی لۆڤەر بووەتە ڕێڕەوی بەربەستەکان و بیناکە سەلامەت نییە."

مۆزەخانەکە لە دۆخێکی خراپدایە، دوو مانگ لەمەوبەر خشڵی مێژوویی بە بەهای 88 ملیۆن یۆرۆی لێ دزرا، هەروەها بەهۆی دزەکردنی ئاوەوە سەدان پارچە شوێنەواری میسری زیانیان بەرکەوتووە.

ڕەشیدە داتی، وەزیری ڕۆشنبیری فەرەنسا بەڵێنی داوە پاشگەز ببێتەوە لە بڕینی 5.7 ملیۆن یۆرۆ لە بودجەی مۆزەخانەکە، بەڵام دانوستانەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت سەبارەت بەو "کەمتەرخەمییە ئەمنییەی" بووەتە هۆی دزییە گەورەکە.

گەشتیارانی بیانی کە ڕێژەی 69٪ی سەردانیکەران پێکدەهێنن، بێئومێدی خۆیان دەربڕی. گەشتیارێکی کۆری دەڵێت: "هاتبووین مۆنالیزا ببینین، بەڵام بێ هیوا بووین."

بڕیارە سبەی کارمەندان کۆبوونەوەی گشتی ئەنجام بدەن بۆ بڕیاردان لەسەر بەردەوامی مانگرتنەکە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.